دسترسی سریع

بدنه خبر

دانشگاه کردستان / پورتال اخبار / بدنه خبر
ڕاپۆرتێک لەسەر بەڕێوەچوونی گەورەترین خولی سەرهێڵی فێرکاریی سەرەتایی زمانی کوردی (خاکەلێوەی 1399)
سه‌شنبه، 26 فروردین 1399
ڕاپۆرتێک لەسەر بەڕێوەچوونی گەورەترین خولی سەرهێڵی فێرکاریی سەرەتایی زمانی کوردی (خاکەلێوەی 1399)
لەلایەن کەمپەینی کوردستان دژی کرۆنای زانکۆی کوردستان و بە هاوکاریی توێژینگەی کوردستان ناسیی زانکۆی کوردستان، گەورەترین خولی سەرهێڵی فێرکاریی سەرەتایی زمان و وێژەی کوردی لە زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو.

بەشداریی چالاکانەی 3742 کەس لە گەورەترین خولی سەرهێڵی فێرکاریی زمانی کوردی لە زانکۆی کوردستان

لەلایەن کەمپەینی کوردستان دژی کرۆنای زانکۆی کوردستان و بە هاوکاریی توێژینگەی کوردستان­ناسیی زانکۆی کوردستان، گەورەترین خولی سەرهێڵی فێرکاریی سەرەتایی زمان و وێژەی کوردی لە زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو.

هاوکات لەگەڵ هاتن و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کرۆنا و وەستانی سەرجەم چالاکی و جموجووڵەکانی کۆمەڵگا، بۆ کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتە و بە مەبەستی جێ­خستنی فەرهەنگی مانەوە لە ماڵەکان، کەمپەینی کوردستان دژی کرۆنای زانکۆی کوردستان لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیدا، بە مەبەستی هاندانی چینەکانی خەڵکیی ناو کۆمەڵگا بۆ مانەوە لە ماڵ و ڕێگری لە تەشەنە سەندنی ڤایرۆسی کرۆنا و کەڵک وەرگرتنیان لە کات و ساتێکی زانستی و بەچێژ و پڕکردنەوەی ئەم کاتانە بە فێربوونی زمانی دایکی، بە هاوکاریی توێژینگەی کوردستان­ناسیی زانکۆی کوردستان، بەڕێوەبردنی خولی فێرکاریی زمانی کوردیی سەرەتایی خستە ڕیزی بەرنامە ستراتێژیکەکانی خۆیەوە و بۆ فێربوونی زێدەتری چینەکانی خەڵکی لە زمانی دایکی و ئەو خوازیارانەی کە شەیدای فێربوونی زمانی کوردین، ئەم هەلەی خستە بەردەستی خوازیاران و لە دوای بڵاوکردنەوەیەکی گشتی لە ناو جەماوەری کۆمەڵگادا، خوازیاران و تامەزرۆیانی فێربوونی زمانی دایکی بە حەز و خولیا و ویستێکی لێوانلێو لە خۆشەویستییەوە لە  خولی فێرکاریی سەرەتایی بەرەو پیری ئەو دەرفەتەوە هاتن و 3027 کەس لەم خولانەدا بەشدارییان کرد.

ڕێکەوتی 9ی خاکەلێوەی 1399 هاوکات بوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی یەکەمین ڕۆژی دەسپێکی ئەم خولانە  بە وانەبێژیی دوکتۆر بێهرووز چەمەن­ئارا، سەرۆکی توێژینگەی کوردستان­ناسیی زانکۆی کوردستان و ئەندامی لێژنەی زانستیی بەشی زمان و وێژەی کوردیی زانکۆی کوردستان.

پۆلەکانی فێرکاریی سەرەتایی زمانی کوردی بەسەر چواربەشدا دابەش کرابوون؛ کە بە ماوەی پێنج شەو و هەر شەوێک لە کاتژمێر 30:8ی شەو تا 10ی شەو بەڕێوە دەچوون.

بەشەکانی ئەم خولانە پێکهاتبوون لەم بابەتانەی خوارەوە:

  • ئەلفبێی کوردی (پیتە دەنگدارەکان و پیتە بێدەنگەکان) لە ئەلفبێیەوە بەرەو ڕێنووس (فۆنتیک، پیتنووسی و دەنگنووسی)
  • نووسراوەی کوردی (ڕاست چین (وەهبی): کۆڕی زانیاریی کورد، ئەکادێمیای کوردی، زانکۆی کوردستان)، چەپ چین (بەدرخانی): پڕۆڤە و پرسیار
  • ناسینی ڕێنووسی کوردیی چەپ چین، پڕۆڤە و پرسیار
  • پڕۆڤەی ڕێنووسی چەپ چین، سەجاوەندی: پڕۆڤە و پرسیار
  • پڕۆڤەی ڕێنووسی ڕاست چین و چەپ چین، بابەتەکانی ڕێنووسی کوردیی خواروو: وەڵامدانەوەی پرسیارەکان

 

لە دوای کۆتایی هاتنی پۆلەکان لەکاتژمێر 30:8ی ئێوارەی هەینی 22ی خاکەلێوەی 1399 بە بەشداریی 442 کەس لە فێرخوازانی ئەم پۆلانە، تاقیکاریی سەرهێڵی پۆلی سەرەتایی زمانی کوردی لەسەر ماڵپەڕی ماڵپەڕی زانکۆی کوردستانەوە بەڕێوەچوو.

جێی ئاماژەیە کە 47 پرسیار بۆ ئەم تاقیکارییە ئامادەکرابوو کە هەڵگری 50 خاڵ بوو، هەر خوازیارێک کە بیتوانیایەت لە کۆی 50 خاڵ سەرەوەی 35 خاڵ بە دەست بێنێت، لە لایەن توێژینگەی کوردستان­ناسییەوە بڕوانامەی کۆتایی خولەکەی پێ دەدرا. جێی ئاماژەیە کە ئەم تاقیکارییە یەکەمین تاقیکارییەکە بەو بەربڵاوییە لە زانکۆی کوردستان و تایبەت بە فێرکاریی زمانی کوردی بەڕێوە دەچێت.

لە دوای کۆتایی هاتنی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی تاقیکارییەکە، بە پێی ئەو ڕاپرسییانەی کە لە کۆتاییدا لە سەر چۆنیەتیی و کوالێتی ئەم خولانە دانرابوون، باسی لە ڕەزامەندیی لەسەرەوەی بەشداربووانی خولەکەی دەکرد کە هاوپێچی ئەم ڕاپۆرتە دەبێت. 

✅ زانیاریی زیاتر: دانلود

 
منبع: کمپین کوردستان علیه کرونا
 
برچسب‌ها:

کردستان علیه کرونا (کوردستان دژی کرۆنا)

 
پورتال اخبار